وەزارەتی کاروباری دەرەوەی عەرەبستان لە بەیاننامەیەکی تونددا، بەردەوامیی هێرش و دەستدرێژییەکانی ئێرانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی ناوچەکەدا مەحکووم کرد.
ڕیاز پێداگریی تاران لەسەر ئەم ڕەفتارانە وەک هۆکارێکی سەرەکیی ناسەقامگیریی ناوچەکە دەبینێت و بە توندترین شێواز مەحکوومی دەکات.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەم چالاكییانەی ئێران پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان، پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی و پرەنسیپی هاوسێیەتیی باشە.
عەرەبستان جەختی کردووەتەوە کە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە، ئەمنییەت و ئازادیی دەریاوانیی نێودەوڵەتیی بە شێوەیەکی جیددی خستووەتە مەترسییەوە.
ئەم هەڵوێستە توندەی عەرەبستان لەکاتێکدایە کە دوای ڕاگەیاندنی داخستنی گەرووی هۆرمۆز لەلایەن تارانەوە، ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان ئێران و ئەمریکا لە کەنداو گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.
ئەم ئاڵۆزییە نیگەرانیی قووڵی وڵاتانی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە لە ئەگەری پەککەوتنی هێڵەکانی گواستنەوەی وزەی جیهان.