هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بە بیانووی پاراستنی ژینگە و لێڕەوارەکانی ناوچە سنوورییەکانی وەک "داڵانپەڕ"، ڕێوشوێنی توندیان بۆ ڕێگری لە هاتوچۆی گەشتیاران و شاخەوانان گرتووەتە بەر.
ئامانج لەم هەنگاوە کە لە چوارچێوەی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک بە ناوی ژینگەپارێزان، ڕیشسپییان و مەلایانی ناوچەکە دەستی پێ کردووە، کۆنتڕۆڵکردنی هاتوچۆ و پێشگرتن لە جووڵەی هێزەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.
سەرەڕای ئەوەی کە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی ئافڕۆد و کاروانە گەشتیارییە گەورەکان و جێهێشتنی پاشماوە، خەساری قەرەبوونەکراو بە سروشتی ناوچەکە دەگەیەنێت، بەڵام دڵسۆزیی کوتوپڕی ڕێژیم بۆ سروشت، تەنیا بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە و سەپاندنی چاوەدێریی ئاسایشییە.
ڕێژیمێک کە ژیان و ماڵی خەڵکی کوردستان دەسووتێنێت، دڵی بۆ ئاژەڵ و ڕووەکی ئەم نیشتمانە ناسووتێت، بەڵکوو دەیەوێت خەڵک لە شاخەکان دوور بخاتەوە تا پلانە چەوتەکانی خۆی بەڕێوە ببات.
ڕێژیم دەیەوێت لە ڕێگەی چۆڵکردنی ناوچەکە لە هاووڵاتییان، زەمینەی چاوەدێریی زیاتر و جێبەجێکردنی سیاسەتە ئەمنییەکانی خۆی دابین بکات.