کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئیسرائیل لە دوو مانگدا زیانی گیانی و ماددیی قەرەبوونەکراوەی بە حیزبوڵڵا گەیاندووە

16:32 - 21 پووشپەڕ 2726

ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕەوتی ئۆپەراسیۆنێکی ٦٠ ڕۆژەدا زیانێکی زۆری بە پێکهاتەی سەربازی، مادی و ئەمنییەتیی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵا گەیاندووە و زیاتر لە ٢٠٠ ژێرخان و بنکەی ئەو گرووپەی لەنێو بردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ی پووشپەڕ، ئەرتەشی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ڕایگەیاند: "هێزی پاشەکەوتی تیپی ٥٥١، لە دوای دوو مانگ ئۆپەراسیۆنی بەردەوام لە باشووری لوبنان، ٢٠٠ ژێرخانی حیزبوڵڵای کردووەتە ئامانج و زیاتر لە ٨٠ ئەندام، فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئەو گرووپەی لەنێو بردووە".

ئەرتەشی ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاند کە لەو ئۆپەراسیۆنەدا سەدان چەک و کەرەستەی سەربازیی ئەو گرووپە لەوانەش ژێرزەوییەکی ڕێکاریی گرنگ، چەندین سەکۆی مووشەکی، بنکەی پاشەکەوتی تەقەمەنی و بنکەی چاوەدێریی شناسایی کراون و کراونەتە ئامانج.

هەروەها ئەو هێزەی ئیسرائیل پێداگریی لەسەر هەوڵەکانیان بەمەبەستی ڕێگریکردن لە نۆژەنکردنەوەی بنکە و توونێلەکانی حیزبوڵڵا کرد و ڕایگەیاند هەتا لەو ناوچانەدا هەڕەشە و هێرش بۆ سەر هێزی سەربازی و خەڵکی ئاسایی ئیسرائیل بەردەوام بێت، درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن.