کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی یەکەی تایبەتی بەندیخانە بۆ سەر بەندکراوانی سیاسیی ژن لە بەندیخانەی ئێڤین

08:52 - 22 پووشپەڕ 2726

لە دوای ڕاگواستنی دەیان بەندکراوی سیاسیی ژن لە بەندیخانەی قەرچەکەوە بۆ بەندیخانەی ئێڤین، بەندکراوانی سیاسیی ژن لە کاردانەوە بە پێشێلکرانی مافەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی، دواتر یەکەی تایبەتی بەندیخانەی ئێڤین بەجێگەی پێڕاگەیشتن بە داواکارییەکانیان هەوڵیان داوە بە هەڕەشە و لێدان بڵاوەیان پێ بکەن.

شەوی شەممە ٢٠ی پووشپەڕ، لانیکەم ٤٠ بەندکراوی سیاسیی ژن لە بەندیخانەی قەرچەکەوە بۆ بەندیخانەی ئێڤین ڕاگوێزران، ڕۆژی دواتر بەندکراوان بەنیسبەت نەبوونی جێگەوڕێگە و دۆخی نالەباری بەندیخانە ناڕەزایەتییان دەربڕی.

لە دوای ئەو ناڕەزایەتییە، یەکەی تایبەتیی بەندیخانە کارەبای یەکەی ژنانیان پچڕاند و بە هەڕەشەکردن هەوڵیان داوە ژنان بگەڕێننەوە بۆ ژوورەکانیان و دوای بەردەوامبوونی ژنانی بەندکراو لە ناڕەزایەتییەکانیان، یەکەی تایبەت بە دڕندانەترین شێوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ژنانی ناڕازی و بە زۆر بڵاوەیان پێ کردوون.

دوابەدوای ئەو ناڕەزایەتییە، دوو بەندکراوی سیاسیی ژن بە ناوەکانی مەعسوومە "مەهسا" نووری و مەعسوومە "فەرەح" نەساجی بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزراون.

بەپێی زانیارییەکان، بەرپرسانی ئەو بەندیخانەیە هەڕەشەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی، ئەرغەوان فەلاحی، بیتا هێمەتی و مریەم هوداوەندیان کردووە.

ژنانی سیاسیی بەندیخانەی ئێڤین لە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو بەندیخانەیە لە ڕەوتی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا بۆ بەندیخانەی قەرچەک ڕاگوێزران و لە دوای گەڕانەوەیان بە جێگەی بەندی خۆیان لە بەندی ٣٥٠دا جێگیر کراون.

بە وتەی چەند چالاکێکی مافی ژنان، سەرەڕای دەیان کێشە و گرفتی ئەو بەندکراوانە، هەموو ئەو کەلوپەلانەش کە بەندکراوان بە پارەی خۆیان دابینیان کردبوو، لە دوای ڕاگواستنیان پێیان نەدراوەتەوە.

بەندکراوانی سیاسیی ژن بەرپرسانی بەندیخانەی ئێڤینیان بە پێشێلکردنی ئەسڵی جیاکردنەوەی بەندکراوان بەپێی سزاکان، دابیننەکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان و پێشێلکردنی مافەکانیان تاوانبار کردووە.