فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند کە نزیکەی پێنج کاتژمێر دوای دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر بنکەکانی کۆماری ئیسلامی، بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی پووشپەڕ، بە تەواوی کۆتاییان بەم ئۆپەراسیۆنە هێناوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمی، لەم هێرشانەدا بە کەڵکوەرگرتن لە چەکی خاوەن ئاراستەی ورد و بە مەبەستی کەمکردنەوەی تواناکانی ئێران بۆ بەردەوامبوون لە هێرشکردنە سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لە گەرووی هۆرمۆز، دەیان ناوەند لە چەندین ناوچەی جیاواز کراونەتە ئامانج .
سێنتکام ڕوونی کردەوە کە هێزەکانیان سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، وێستگەکانی ڕاداری کەناراوەکان، بنکە مووشەکی و دڕۆنییەکان و هەروەها بەلەمە بچووکە سەربازییەکانی ئێرانیان پێکاوە، کە بۆ ئەم مەبەستەش فڕۆکەی شەڕکەر، کەشتیی دەریایی، دڕۆنی خۆکوژ و بۆ یەکەمین جار دڕۆنی خۆکوژیی دەریایی بەکار هێنراون.
ئەم هێرشە بەرفراوانە ئاسمانی و دەریاییانە چەندین شاری جیاوازی ئێرانیان گرتووەتەوە و بنکە سەربازییەکانی نێو شارەکانی وەک قشم، سیریک، بەندەرعەباس، جاسک، بووشێهر، خەنداب، ماهشەهر، بێهبەهان، ئەندیمشک، دێزفوول، ئەهواز، ئابادان و خوڕەمشەهر بە خەستی کراونەتە ئامانج.
سێنتکام لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا پەیامێکی ڕوونی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند کە گەرووی هۆرمۆز ڕێڕەوێکی گرنگ بۆ بازرگانیی جیهانییە و ئێران هیچ کۆنتڕۆڵێکی بەسەریدا نییە.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە سەرەڕای ڕەفتارە شەڕەنگێزانەکان، هەراسانکردن، هەڕەشەکان و ڕاگەیەندراوە سەرەڕۆیانەکانی ڕێژیمی ئێران، هێزەکانیان لە ناوچەکەدا بۆ پاراستنی ئازادیی دەریاوانی بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە ئامادەباشیی تەواودان.