کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی هاوبەشی سپای پاسداران و ئەرتەش بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە

10:22 - 22 پووشپەڕ 2726

سپای تێرۆریستیی پاسداران و ئەرتەشی ڕێژیم لە بەیاننامەی جیاوازدا ڕایانگەیاند کە لە وڵامی هێرشەکانی ئەمریکادا، بنکەکانی ئەو وڵاتەیان لە بەحرەین، کوەیت و ئۆردۆن کردووەتە ئامانج.

سپای پاسداران ئیدیعای کردووە کە بە مووشەک و دڕۆن، کۆگاکانی مووشەک و سووتەمەنیی بنکەی ئاسمانیی "پڕێنس حەسەن"یان لە ئوردن کردووەتە ئامانج.

هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە بەحرەین، ناوەندەکانی ڕاگرتنی هێلیکۆپتەر، حەشارگەی فڕۆکەی P-8 و ناوەندی فەرماندەیی دڕۆنەکانی ئەمریکایان پێکاوە.

میدیاکانی ڕێژیم باسیان لە تەقینەوە لە کوەیت کرد و سپای پاسداران جەختی کردەوە کە کۆگاکانی سووتەمەنی و پاتریۆتیان لە بنکەی "عەلی ئەلسالم" و ڕادارێکی ستراتێژییان لە بنکەی "ئەحمەد ئەلجابیر" تێکشکاندووە.

هاوکات ئەرتەشی ڕێژیمیش ڕایگەیاند کە بە دڕۆن، شوێنی جێگیربوونی هێزەکان و بنکەکانی پشتیوانیی ئەمریکای لە کوەیت پێکاوە.

هەواڵدەریی حکوومەتی "فارس" و ماڵپەڕی "نوورنیوز" سەر بە شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیم، ڕایانگەیاند کە هێرشی بەرفراوانی مووشەکی و دڕۆنی لە بنکەکانی ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژاوا و ناوەڕاستی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئەنجام دراون.