ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٥، بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ و ٣٧ـەمین ساڵی شەهیدکرانی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوکتۆر قاسملوو و هاوڕێ عەبدوڵڵا قادری ئازەر، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات، وێبینارێک لەلایان کۆمیتەی گشتیی حیزب لە سوید بۆ بەڕێز سمایل شەرەفی، بەرپرسی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکراتی کورستانی ئێران پێکهات.
وێبینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
کۆڕگێڕ باسێکی تێروتەسەلی لەژێر ناوی "ئەندێشەکانی قاسملوو لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆی بزووتنەوەی کوردستاندا" لەبارەی نەخش و ڕۆڵی شەهید دوکتۆر قاسملوو لە حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەتایبەتی و هەموو بەشەکانی کوردستاندا بەگشتی پێشکەش کرد.
ناوبراو پەرژایە سەر خاڵی گرینگی خۆشەویستیی سەرکردەیەک لە نێو گەلەکەی، لە دەرەوەی کوردستان و ناوەندە ئاکادێمی و کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکاندا، کە بە لێوەشاوەیی لە هەموو بوارەکاندا جێگای شیاوی خۆی کردبووەوە.
ناوبراو باسی کرد کە خۆشەویستیی ئەو ڕێبەرە مەزنەی گەلەکەمان بەوەدا دەردەکەوێت کە دوای ٣٧ لە تێرۆرکرانی، لاوانی کوردستان دروشمی "قاسملوو، قاسملوو، ڕێگات درێژەی هەیە دەڵێنەوە و بەمجۆرە قاسملوو لە بیر و زەینی گەلەکەیدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.