ئێوارەی یەکشەممە ٢١ی پووشپەی ١٤٠٥، بە بەشداریی کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتانی فینلاند، ئاڵمان، ئوتریش، سویس، دانمارک و هۆلەند وێبینارێک بۆ یادی ٣٧ ساڵەی شەهیدکرانی دوکتۆر قاسملوو و هاوڕێیانی بەڕێوە چوو.
وێبینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
لە سەرەتادا خاتوو مونیرە نێگەهدار، بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد و سپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەم یادە هاوبەشەی کۆمیتەکان دەربڕی. ناوبراو لە وتەکانیدا ئاماژەی بە یاد و بیرەوەریی شەهیدی مەزن، دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو کرد.
دواتر دوکتۆر کوێستان گادانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی ناوەندی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەک وتاربێژی سەرەکی، باسەکەی پێشکەش کرد. ناوبراو جەختی لەسەر چەند تەوەری گرنگی ستراتێژی کردەوە، بە تایبەتی:
ـ تێگەیشتنی دروست و سیاسییانە لە میراتی د. قاسملوو، بۆ نموونە بیرکردنەوەی ستراتێژیک و تێکەڵکردنی مافی نەتەوەیی و دێموکراسی، باس لە توانای ڕێبەری مەزن و بوونی وەک تاکە ڕێبەری سەردەمی خۆی و دیاربوونی جێپەنجەی لە کاری دیپلۆماسی بۆ کورد و کوردستان لەو سەردەمەدا و دۆزینەوەی دۆست و لایەنگرێکی زۆر بۆ دۆزی ڕەوای گەلەکەمان.
ـ هەلومەرجی ئێستای ئێران: شرۆڤەی قەیرانە ئابووری و سیاسییەکان و کاریگەریی "شۆڕشی ژینا" وەک جووڵەی نەوەی نوێ. ئەو نەوەیەی کە دەیان ساڵ بەر لە ئێستا د.قاسملووی مەزن هەست بە زەرورەتی پێگەیاندن و تێگەیاندنی کردبوو. هەر ئەوەش قاسملووی مەزن لە ڕێبەرانی دیکە جیا دەکاتەوە و وەک ڕێبەرێکی کاریزماتیک دەناسێندرێت. کاریزماتیک بە مانای تەواوی وشە، ڕێبەرێک کە بۆ تێگەیاندن و پێگەیاندن لەگەڵ هەر تاکێکی کۆمەڵگە دادەنیشت و گوێی دەگرت و لە نیزیکەوە دەرد و ئازارەکانی ئەوانی دەکردە هەوێنی کاروباری سیاسی و دیپلۆماسییانە و بنەمای کاری ستراتێژیی نێو حیزبیشی زیاتر لەسەر ئەم شێوە کارکردنە دادەڕشتەوە.
ـ گۆڕانکارییە ژئوپۆلیتیکییەکان: پرسی کورد وەک بەشێک لە هاوکێشە هەرێمییەکان و پێویستیی بەکارهێنانی دەرفەتەکان، بەشێکی دیکە لە وتەکانی د. کوێستان گادانی بوو کە زۆر بەوردی باسی لێکردن. لە درێژەدا دەربارەی ستراتیژیی نوێی حیزب و جەختکردنەوە لەسەر یەکڕیزی و دیپلۆماسیی ژیرانە دوا و ئامادەکردنی نەوەی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی خەباتی بە شتێکی زەرووری بۆ ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زانی.
وتاربێژ ئاماژەی بەوە کرد کە دوای ٣٧ ساڵ، ڤییەن تەنها بیرەوەرییەکی تاڵ نییە، بەڵکوو پێوەرێکە بۆ چۆنیەتیی بنیاتنانی داهاتووی خەبات. خەبات تەنها بە هەست و قوربانی بەردەوام نابێت بەڵکوو پێویستی بە ستراتێژییە کە لەگەڵ هەلومەرجی سەردەمدا بگونجێت.
خاتوو مونیرە نێگەهدار وەک بەڕێوەبەری بەرنامەکە وێڕای دەستخۆشی لە خاتوو کوێستان، سپاس و قەدرزانی خۆیشی لە کۆتایی وێبنارەکەدا پێشکەشی بەشداربووان کرد.