بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی دوکتۆر قاسملوو و هاوڕێیانی و تازەترین شەهیدانی گەلەکەمان لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کۆمیتەی بریتانیای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٥دا، خۆپیشاندانێکی لەبەر دەرکی باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لەندەن بەڕێوە برد.
خۆپیشاندانەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی حیزب و گەل دەستی پێکرد و پەیامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەیە بە زمانی فارسی و کوردی لەلایەن هاوڕێیان کاک فەرید دەیهیم و مەتین مەنسوورییەوە پێشکەش بە بەشداربووان کرا .
بەشداربووان بە وتنەوەی دروشم، ناڕەزایەتییان بەو کردەوە تێرۆریستییانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بێدەنگیی وڵاتانی دەرەوە لە ئاست تێرۆری ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات، نیشان دا و دواتر بە شێوازێکی هێمنانە بەرەو باڵوێزخانەی وڵاتی ئوتریش لە لەندەن (ئەو وڵاتەی کە ڕێبەری مەزنمان د. قاسملووی تێدا شەهید کرا) وەرێ کەوتن.
دوا بڕگەی خۆپیشاندانەکە پەیامی سیاسی و هەڵوێستی فەرمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لەلایەن کاک یوونس موکری بە زمانی ئینگلیسی بوو کە باسی لە ساتوسەودای وڵاتانی ئورووپایی بە تایبەتی وڵاتی ئوتریش لەگەڵ ئێران و چاوپۆشی یاسایی و سیاسی لە تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی، بە تایبەتی تێرۆری دوکتور قاسملوو دەکرد کە لە ساڵانی دواتردا دەرفەت و بواری ئەوەی بە کۆماری ئیسلامی دا بەرەبەرە لەو وڵاتانە پەرە بە "دیپلۆماسیی تێرۆر" بدات و ئێستاش بەرۆکی ئاسایشی زوربەی وڵاتەکانییانی گرتووتەوە و دەقی پەیامەکەش ڕادەستی بە باڵوێزخانەی وڵاتی ئوتریش درا.
جێگای ئاماژەیە لەم بۆنەیەدا یادی تازەترین شەهیدانی سوورخەڵاتی ناوچەی پیرانشار و سەرجەم شەهیدانی کوردستان بەرز ڕاگیرا و وێنەکانیان وێڕای شەهیدانی ڤییەن لە ناو دەستی لاوانی دێموکرات و درێژەدەرانی ڕێبازەکەیان ڕاگیردرا.