کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٣٧ـەمین تاڵیادی تێرۆری د. عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی لە پاریس

11:26 - 22 پووشپەڕ 2726

بە بۆنەی ٣٧ـەمین تاڵیادی تێرۆری ڕێبەری نەمری گەلی کورد و سکرتێری پێشووتری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی عەبدوڵڵا قادری ئازەر، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، و د. فازڵ ڕەسووڵ، کەسایەتیی سیاسی، بە هاوبەشیی کۆمیتەکانی فەرانسە و بێلژیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێوڕەسمی بەرزڕاگڕتنی یاد و ناوی شەهیدانی ڤییەن، ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی پۆشپەڕی ١٤٠٥ی لەسەر گڵکۆی پیرۆزی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لە گۆڕستانی پێرلاشێزی پاریس، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حیزب، نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسی و مەدەنییەکان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزب بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی «ئەی ڕەقیب» دەستی پێکرد و پاشان ئامادەبووان ساتێک بێدەنگ وەستان بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی و دێموکراسی، دواتر خاتوو شەیدا ویجدانی، ڕێوڕەسمەکەی دەست پێکرد.
لە بڕگەی یەکەمی رێوڕەسمەکەدا کاک حەسەن شەرەفی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ بەرپرسانی کۆمیتەکانی حیزب لە فەرانسە و بێلژیک، هاوڕێیان کاک بەها ئیبراهیمی و کاک هەڵمەت ڕەحمەت پوور و هەروەها خاتوو پەخشان ڕەحیمی و خاتوو سەیران مستەفایی، وەک نوێنەرانی بنەماڵەی شەهیدان، تاجەگوڵی ڕێز و وەفایان لەسەر گڵکۆی پیرۆزی شەهیدان دانا.
هەروەها نوێنەرانی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرانسە، ئەنستیتۆی کورد لە پاریس، کۆڕی کوردان لە پاریس و ڕێکخراوی (سازمان اتحاد فدائیان خلق ایران) بە دانانی تاجەگوڵینە، ڕێزیان بۆ یاد و خەباتی شەهیدان دەربڕی.
لە بەشی سەرەکیی ڕێوڕەسمەکەدا، کاک حەسەن شەرەفی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەیامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی بە زمانەکانی کوردی و فارسی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
بەڕێزیان جەختی لەسەر بیر، ڕێباز و میراتی سیاسیی د. عەبدولڕەحمان قاسملوو و پێویستیی بەردەوامبوونی خەبات بۆ ئازادی، دێموکراسی و مافە ڕەواکانی گەلی کورد کردەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە جگە لەوەی تێرۆری ڤییەن پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا و پەیمانە نێودەوڵەتییەکان بوو، هێرشێکیش بوو دژی پرەنسیپی گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد.
کاک حەسەن لە درێژەی وتارەکەیدا، بە ئاماژەدان بە دوو پڕۆسەی یاساییی تێرۆری ڤییەن و تێرۆری میکۆنۆس، باسی لە جیاوازیی مامەڵەی دەزگا دادوەرییەکانی ئۆتریش و ئاڵمان کرد. ئاماژەی بەوەدا کە، لە کاتێکدا دادگای ئاڵمان بە شێوەیەکی سەربەخۆ توانیی تاوانبارانی تێرۆری میکۆنۆس دادگایی بکات، بەڵام کەیسی تێرۆری ڤییەن، سەرەڕای هەوڵ و مافخوازیی بەردەوامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەهۆی هەڵوێستە سیاسی و دیپلۆماسییەکانەوە نەگەیشتە ئەنجامێکی دادپەروەرانە. ناوبراو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم ئەزموونە گرنگیی دادگای سەربەخۆ و دادپەروەریی نێودەوڵەتی دەخاتەڕوو و دادخوازی بۆ شەهیدانی ڤییەن هێشتا ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆییی بەردەوامە.
دواتر خاتوو شەیدا ویجدانی، وەک نوێنەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات پێشکەش کرد. لە پەیامەکەدا جەخت لەسەر یەکڕیزی، هاوکاری و هاواهەنگیی هێزە دێموکرات و نەتەوەییەکان و گرنگیی بەردەوامیی خەباتی هاوبەش لەپێناو ئازادی، دێموکراسی و مافی گەلی کورد کرایەوە.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، بەشداربووان بە مەبەستی پەیمان نوێکردنەوە بەرەو گڵکۆی شەهیدانی میکۆنۆس ڕێ کەوتن.
لەم بڕگەیە لە ڕێورەسمەکەدا کاک حەسەن شەرەفی و خاتوو گوڵناز عەبدوڵڵاهی تاجەگوڵی ڕێز و وەفایان لەسەر گڵکۆی شەهیدانی میکۆنۆس دانا و ئامادەبووان، بە نوێکردنەوەی پەیمانیان لەگەڵ ئامانج و بەهاکانی شەهیدان، ڕێزیان بۆ گیانی پاکی هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی و دێموکراسی دەربڕی.
هاوڕێ کاک ئەردەڵان عەبدوڵڵاهی بە ناوی کۆمیتەی فەرانسە و کۆمیتەی بێلژیک، سپاسی ئامادەبووانی کرد و جەختی لەسەر بەردەوامیی ڕێبازی شەهیدان و یەکگرتوویی نیشتمانی کردەوە.
ڕێوڕەسمەکە لە کەشێکی پڕ لە یەکگرتوویی، بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و وەفاداری بە ڕێبازی شەهیدان کۆتایی پێهات و بەشداربووان جارێکی دیکە دووپاتیان کردەوە کە ڕێبازی د.عەبدولڕەحمان قاسملوو، کە لەسەر بنەمای دێموکراسی، دادپەروەری، گفتوگۆ و خەباتی بەپرەنسیپ دامەزراوە، بیر و هزری شەهید دوکتور قاسملوو هەردەم ڕێنوێنی سەرەکیی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هیوای گەلی کورد بۆ گەیشتن بە ئازادی، دیموکراسی و مافە ڕەواکانی خۆیەتی.