یەکیەتی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ساڵوەگەڕی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی پەیامێكی بڵاو کردەوە و رایگەیاند کە ئەم ڕۆژە وەبیرهێنانەوەی یەکێک لە تاڵترین ڕووداوەکانی مێژووی هاوچەرخی کوردستانە. یەزاکا ڕایگەیاندووە کە لەم ڕۆژەدا ڕێز لە یادی دوکتور قاسملوو و هەموو ئەو کەسانە دەگرین کە لەپێناو ئازادی و دادپەروەری و مافەکانی گەلی کورد گیانیان لەدەست دا. بیرۆکەی وتووێژ، پێکەوەژیان، دێموکراسی و بەرگریکردن لە مافی گەلان کە قاسملوو جەختی لەسەر کردەوە، بەردەوام ئێلهامبەخشی زۆر کەس و لایەن و نەتەوەیەکە بە تایبەت گەلی کورد.
یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران پاڵپشتی خۆی بۆ خەباتی ڕەوا و ڕێبازی قاسملوو نوێ کردووەتەوە و هیوای خواستووە کە خەبات بۆ دادپەروەری و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی ناکۆکییەکان جێگەی توندوتیژی و تێرۆر بگرێتەوە.