کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیا هێرشەکانی ڕێژیم بۆ سەر وڵاتانی ناوچەیان مەحکووم کرد

14:28 - 22 پووشپەڕ 2726

بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بۆ سەر کەشتیوانیی بازرگانی لە گەرووی هۆرمۆز و وڵاتانی ناوچەکە مەحکووم کرد.

لەم بەیاننامەیەدا کە دوای پەرەسەندنی گرژییەکان بڵاو کراوەتەوە، هاتووە: "ئێمە هێرشە بێباکانەکانی ئێران بۆ سەر کەشتیوانیی بازرگانی لە گەرووی هۆرمۆز و بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، لەوانە قەتەر، کوەیت، بەحرەین، عومان و ئۆردۆن مەحکووم دەکەین."

ئەم سێ وڵاتە ئورووپاییە داوای دەستپێکردنەوەی خێرای هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکانیان کرد و لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان جەختیان لە ئازادیی دەریاوانی کردەوە.

ئەم هەڵوێستە هاوبەشە دوای ئەوە هات کە ئەرتەشی ئەمریکا لە وڵامی هێرش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان، شەپۆلێکی نوێی هێرشی کردە سەر پێگە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی و لە بەرانبەردا سپای تێرۆریستی پاسداران بە مووشەک و دڕۆن هێرشی کردە سەر وڵاتانی عەرەبیی کەنداو.

بەهۆی ئەم ئاڵۆزییانەوە، هاتوچۆ لە گەرووی هۆرمۆز لە ڕۆژی یەکشەممەدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەوە و تەنیا شەش کەشتی لەم ڕێڕەوە تێپەڕین، کە ئەمەش نزمترین ئاستی هاتوچۆیە لە پێنج حەفتەی ڕابردوودا.