کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهای نەوت بەهۆی گرژییەکانی گەرووی هۆرمۆزەوە زیاتر لە ٤٪ بەرز بووەوە

14:32 - 22 پووشپەڕ 2726

لە مامەڵەکانی ڕۆژی دووشەممەدا، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بازدانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و زیاتر لە ٤٪ چووە سەرێ.

ئەم بەرزبوونەوە ناكاوە دوای ئەوە هاتە ئاراوە کە هەڕەشەکان بۆ سەر گەرووی هۆرمۆز کە ڕێڕەوێکی ستراتێژیی وزەیە لە جیهاندا چڕتر بوونەوە و مەترسیی جیدییان لەسەر ئەمنییەتی نەوتهەڵگرەکان دروست کرد.

لە ڕەوتی ئەم مامەڵانەدا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت ٣ دۆلار و ١٠ سێنت زیادی کرد و گەیشتە ٧٩ دۆلار و ١١ سێنت.

هاوکات نەوتی خاوی وێست تێگزاسی ئەمریکا بەرزبوونەوەیەکی ٢ دۆلار و ٩٥ سێنتی بەخۆیەوە بینی و بە ٧٤ دۆلار و ٣٦ سێنت مامەڵەی پێوە کرا.

ئەم شڵەژانە توندەی بازاڕ دوای ئەوە دەستی پێکرد کە میدیا فەرمییەکانی ئێران ڕایانگەیاند گەرووی هۆرمۆز بە فەرمانی سپای پاسداران تا کاتێکی نادیار داخراوە؛ بەڵام سێنتکام دەستبەجێ ئەم دەنگۆیەی ڕەت کردەوە و جەختی کردەوە کە دەریاوانی لەم ئاوڕێیە نێودەوڵەتییەدا بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە.

شایانی باسە کە پێش دەستپێکردنی گرژییەکانی ئەم دواییە، نزیکەی ٢٠٪ی نەوتی بەکارھاتووی جیهان لە ڕێگەی گەرووی هۆرمۆزەوە دابین دەکرا.