پاش چوار مانگ لە کوژرانی عەلی خامنەیی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا و دەستنیشانکردنی کوڕەکەی، موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەر، ناوبراو هێشتا لە چاوی خەڵک و میدیاکان ونە و ئەم بابەتە بووەتە هۆی تەمومژاویبوونی دۆخی سیاسیی ئێران.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، ئامادەنەبوونی موجتەبا تەنانەت لە ناشتنی باوکیشیدا، دەنگۆکانی لەسەر تەندروستیی ئەو زیاتر کردووە و سەرچاوەکان دەڵێن ئەو لە هەمان هێرشدا لە دەموچاو و جەستەیدا بریندار بووە و هێشتا بۆ دەرکەوتن چاک نەبووەتەوە.
ڕۆیتێرز ڕایگەیاند، هەرچەندە موجتەبا بڕیارەکان بە پشتگیریی سپای پاسداران دەردەکات، بەڵام بەهۆی پەرەسەندنی شەڕی ئێران و ئەمریکا، گومان لەسەر توانای ڕێبەرایەتیی ناوبراو دروست بووە.
شیکەرەوەکان پێیان وایە لەم سیستمەدا، دەرکەوتنی ئاشکرای ڕێبەر بۆ نیشاندانی دەسەڵات و سەقامگیریی پێکهاتەی هێز زۆر گرنگە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە موجتەبا بەپێچەوانەی خومەینی و باوکی، پێگەیەکی دیاری ئایینی نییە و زیاتر وەک کەسێکی نزیک لە سپا دەناسرێت.
شارەزایان دەڵێن لە مەودای درێژخایەندا، بەڕێوەبردنی وڵاتێکی تووشبوو بە شەڕ، گەمارۆی ئابووری و ناڕەزایەتیی نێوخۆیی، بەبێ ئامادەبوونی فەرمیی ڕێبەر، دەبێتە کێشەیەکی جیددی بۆ کۆماری ئیسلامی.