دەوڵەتی بریتانیا ڕۆژی دووشەممە بە فەرمی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی خستە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی وڵاتەکەیەوە.
بەپێی ئەم بڕیارە، لەمەودوا ئەندامبوون لەم هێزە تێرۆریستییەدا، بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی و هەڵگرتنی هێما و لۆگۆکانی لە شوێنە گشتییەکاندا وەک تاوان هەژمار و بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
پێشتر سپای تێرۆریستی پاسداران لە ژێر سزاکانی بریتانیادا بوو، بەڵام دەوڵەتە جیاوازەکانی لەندەن بەهۆی بەربەستی یاساییەوە لە ناساندنی وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی خۆیان دەپاراست؛ چونکە پێیان وابوو یاساکانی بریتانیا ڕێگە بە تێرۆریست ناساندنی دامەزراوەیەکی فەرمی و حکوومەتی نادەن.
لەندەن ساڵانێک بوو بۆ گرتنەبەری ئەم هەنگاوە لەژێر گوشاری توندی پارلەمان و ناوەندە ئەمنییەتییەکاندا بوو؛ بەتایبەت دوای ئەوەی دەزگای هەواڵگریی نێوخۆیی بریتانیا (MI5) ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٢٠ پیلانگێڕیی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە نێوخۆی وڵاتدا پووچەڵ کردووەتەوە.
ئەم بڕیارەی کییێر ستارمێر، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا، دوای ئەوە دێت کە وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپاش لە ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا سپای پاسدارانیان خستبووە لیستی تێرۆرەوە.
هەروەها ئوسترالیاش سپای پاسداران وەک دامەزراوەیەکی حکوومەتیی پاڵپشتی تیرۆر دەناسێت.