لە درێژەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی تاران و هێرشی سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ سەر چەند کەشتییەکی بازرگانی لە گەرووی هۆرمۆز، هاتوچۆ لەو ڕێگەئاوییەدا گەیشتووەتە کەمترین ئاستی چەند حەفتەی ڕابردوو.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ی پووشپەڕ، هەواڵدەریی ڕویتێرز لە ڕاپۆرتێکدا بە سەرنجدان بە داتا و ئامارەکانی شیرکەتی کەشتیوانیی کێپلێر ڕایگەیاند لە ڕۆژی ٢١ی پووشپەڕدا تەنیا شەش کەشتی بچکووک بە گەرووی هۆرمۆزدا تێپەڕیون و ئەوەش کەمترین ئاستە بەنیسبەت پێنج حەفتەی ڕابردوو.
شیرکەتی کەشتیوانیی کێپلێر باسی لەوە کردووە قۆناغی نوێی هێرشەکانی ئەمریکا و ڕێژیمی ئێران بۆ سەر یەکتر لە دەوروبەری گەرووی هۆرمۆز و کەمبوونەوەی هاتوچۆی بازرگانی لەو ڕێگەئاوییەدا، نیگەرانیی جیددیی وڵاتانی ناوچەیی و جیهانی لێکەوتووەتەوە.
ڕۆژی شەممە ٢٠ ی پووشپەڕ، سپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "بەهۆی ئەوەی بێگانەکان بە شێوەی نایاسایی لە کاروباری گەرووی هۆرمۆزدا دەستێوەردان دەکەن، هەتا ئاگادارکردنەوەی دواتر ئەو ڕێگەئاوییە دەبەستین".
ئەوە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ ڕۆژی ٢١ی پووشپەڕ بە ئێن بی سی ڕاگەیاندبوو کە "هاتوچۆ لە گەرووی هۆرمۆزدا بە تەواوی کراوەیە".