کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەوتی دەسبەسەرکرانی هاونیشتمانییان لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیمەوە بەردەوامە

16:28 - 22 پووشپەڕ 2726

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا سێ هاونیشتمانی خەڵکی شارەکانی پاوە و بیجاڕ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەرسەر کراون.

بەڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "هەنگاو"، عەلی ئەسغەر ئەحمەدپەنا، هاونیشتمانیی ١٩ ساڵان و خەڵکی شاری بیجاڕ و دانیشتووی تاران بۆ جارێکی دیکە دەسبەسەر کراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، ئەو لاوە کوردە دوای دەسبەسەرکرانی بۆ بەندیخانەی تارانی گەورە گواستراوەتەوە.

ناوبراو پێشتر لە ڕەوتی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانباردا بۆ ماوەی سێ مانگ دەسبەسەر کرابوو.

بەپێی هەمان ڕاپۆرت، دوو برای خەڵکی شاری پاوە بە ناوەکانی سەباح و نەوزاد وەلەدبەیگی لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ هۆکار ماوەی ١٢ ڕۆژە دەسبەسەر کراون.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، سەباح وەلەدبەیگی، مامۆستای خانەنشین، چالاکی ژینگە و بەرپرسی گرووپی شاخەوانیی "نوور"ی پاوە هاوکات لەگەڵ براکەی نەوزاد وەلەدبەیگی، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە، لە دوای دەسبەسەرکرانی ئەو دوو هاونیشتمانییە، بۆ گرتنگەیەکی ڕێژیم لە کرماشان گواستراونەتەوە.

هەتا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەسبەرکران، تۆمەتی وەپاڵدراو و چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.