کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەڕانسە: هەڵگرتنی سزاکانی ئێران بە ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەستراوەتەوە

16:32 - 22 پووشپەڕ 2726

ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕانسە، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی پووشپەڕ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵەکانی "BFMTV" و "RMC" ڕایگەیاند کە سزاکانی سەر ئێران کاتێک لادەبرێن کە کۆماری ئیسلامی دەست لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەڵبگرێت.

ناوبراو پێشتریش ئاماژەی بەوە کردبوو کە تا ئەو کاتەی گەرووی هۆرمۆز داخرابێت، هەڵگرتنی تەنانەت بچووکترین سزاش کە پەیوەندی بە کۆماری ئیسلامییەوە هەبێت، مەحاڵ و ئەستەمە.

وەزیری دەرەوەی فەڕانسە جەختی لەوەش کردبووە کە وڵاتەکەی واژۆ لەسەر هەڵگرتنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ناکات، مەگەر ئەوەی بە تەواوی لە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی کۆتایی ڕازی بێت.

ژان نوێل بارۆ ڕاگەیاندبوو ئەگەر دانوستانەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا پرسی بەرنامەی مووشەکە بالیستیکەکان و پشتگیریکردنی ئێران لە گرووپە نیابەتییەکانی نەگرێتەوە، هیچ سەقامگیرییەک لە ناوچەکەدا جێگیر نابێت.