بەرپرسێکی پارێزگاریی خووزستان دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی پووشپەڕ ڕایگەیاند کە کاتژمێر ١٣:٤٥ سێ خاڵ لە شاری ئابادان کراونەتە ئامانجی هێرشەکانی ئەمریکا و بەهۆیەوە تا ئێستا دوو کەس کوژراون و ٣ کەسی دیکەش بریندار بوون.
وەلیوڵڵا حەیاتی، جێگری ئەمنییەتی و ئینتزامیی پارێزگاریی خووزستان، وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە، زانیاریی زیاتری لەسەر ئەو شوێنانە نەدا کە کراونەتە ئامانج.
کاتژمێرێک پێش ئەم لێدوانانە، هەواڵدەریی "مێهر" بڵاویکردەوە کە نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە دەوروبەری بەندەرعەباس و دوورگەی قشم بیستراوە.
ئەم هەواڵدەرییە ئاماژەی بەوە کرد کە تەقینەوەکان له شوێنێكی دوور لە شارەوە بوون و پێدەچێت پەیوەندییان بە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای شاری بەندەرعەباسەوە هەبێت.
لەو ڕاپۆرتەدا لە زاری پارێزگاریی هۆرمۆزگانەوە هاتووە کە لە هێرشە نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سەر شاری بەندەرعەباس و قشم، هیچ بریندارێکی مەدەنی یان زیان گەیشتن بە ژێرخانەکانی نیشتەجێبوون و بازرگانی تۆمار نەکراوە.
ڕاپۆرتەکان لەسەر هێرشە نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە سێنتکام، بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە وەک نەریتی ڕۆژانی ڕابردوو، کۆتاییهاتنی ئەم خولەی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران ڕاگەیاندبوو.