ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم لە لێدوانێکی گالتەجاڕانەدا وتوویەتی: "ئێمە هێرشمان نەکردووەتە سەر هیچ وڵاتێک و هێرشیش ناکەین، ئێمە تەنیا بنکەکانی ئەمریکامان کردووەتە ئامانج".
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ی پووشپەڕ، ئیسماعیل بەقایی لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی تەنیا لە دژی ئەو بنکە و ئیمکاناتە ئەنجام دراون کە ئەمریکا لە ناوچەکەدا بۆ هێرشکردنەسەر ئێران کەڵکی لێ وەرگرتووە".
ناوبراو لەو کۆبوونەوەدا جارێکی دیکە هەڕەشەی لە وڵاتانی کەنداو کردەوە و وتی: "ئێمە بۆ بەرگری لە خۆمان سڵ لە هیچ شتێک ناکەینەوە و ئەگەر پێویست بکات، دووبارە بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەینەوە ئامانج".
ئەوە لە کاتێکدایە کە وڵاتانی کەنداو لە ڕەوتی شەڕی ٤٠ ڕۆژەوە هەتا ئێستا چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامیی شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی ئاسایی ئەو وڵاتانەی کردووەتە ئامانج.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا سەدان جار وڵاتانی کەنداو و ناوچەکەی بە پاساوی بوونی بنکەکانی ئەمریکا مووشەکباران کرد و ئەوەش تووڕەیی وڵاتانی ناوچەیی و جیهانی لێکەوتەوە.
شایانی باسە لە ڕەوتی ئەو هێرشانەدا، سەدان جار بنکەی کەمپی نیشتەجێبوونی پەنابەرە سیاسییەکان و کەمپی بنەماڵەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە باشووری کوردستان کرایە ئامانج بەو هۆیەوە چەندین کەس شەهید و بریندار بوون.
هەروەها لەو هێرشانەدا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سەدان جار هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی کردووتەوە سەر هەرێمی کوردستان و بەو هۆیەوە چەندین کەس لە خەڵکی ئاسایی شەهید یان بریندار بوون.