کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران لە ئێران بەردەوامە

17:09 - 22 پووشپەڕ 2726

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، کرێکارانی کانگای خەڵووزەبەردینەی تەزەرەی سمنان و کرێکارانی کارخانەی ڕێگەئاسنینی کەرەج مانیان گرتووە و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەربڵاویان بەڕێوە بردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئیلنا"ی سەر بە ڕێژیم، ٧٠٠ کرێکاری پەیمانکاری کانگای خەڵووزەبەردینەی تەزەرە لە پارێزگای سمنان لە ڕەوتی مانگرتنی دوو ڕۆژەدا خوازیاری پێدانی مووچەی چەند مانگی ڕابردوویان بوون و داوایان کردووە دۆخی بژێوی و ئیمەنیی کارییان باشتر بکرێت.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەو کرێکارانە هەروەها گرفتی دەفتەرچەی بیمەی کرێکارییان هەبووە و هەتا ئێستاش چارەسەر نەکراوە.

هاوکات کرێکارانی ڕێگەئاسنینی کەرەج لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی بەربڵاودا خوازیاری پێڕاگەیشتن بە ماف و داواکارییەکانیان بوون.

لە دوای ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە کرێکارییە، هێزی سەرکوتکەری ئینتیزامیی ڕێژیم چوونەتە شوێنی کۆبوونەوەکە و هەوڵیان داوە کرێکارانی ناڕازی پەرتەوازە بکەن.

هەروەها بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی ئەو کارخانەیە لە ترسی بەربڵاوتربوونی ئەو ناڕەزایەتییانە و تەشەنەسەندنی بۆ کارخانە و شارەکانی دیکە، داوایان لە کرێکاران کردووە کە چەند ڕۆژێکی دیکە دەرفەتیان پێ بدەن هەتا کێشە و گرفتەکانیان چارەسەر بکەن.

بەهۆی بەردەوامیی قەیرانی ئابووری، ناکارامەیی بەڕێوەبەریی و پشتگوێخرانی ماف و داواکارییەکانی خەڵک لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، ڕۆژانە دەیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی چین و توێژە جیاوازەکان بەڕێوە دەچێت و بەرپرسانی ڕێژیم لەمەڕ ئەو ناڕەزایەتییە ڕەوایانەدا، تەنیا توندوتیژی و بەڵێنیی درۆ بەکار دێنن.