محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاند، بەپێی یاسای نوێی مەجلیس و بڕیاری شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللی، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە چاوەدێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نادرێت سەردانی ئەو پێگە ئەتۆمییانە بکەن کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردومان کراون و زیانیان بەرکەوتووە.
قاڵیباف ئاماژەی بەوە کرد کە ئاژانس لە ئێستادا تەنیا مافی دەستڕاگەیشتن بە وزەخانەی بوشێهر و ڕێئاکتۆری تارانی هەیە.
ئەم کێشەیە بووەتە تەوەرێکی سەرەکیی ناکۆکییەکان لە دانوستانەکاندا؛ بە تایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە کۆتایییەکانی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا فەرمانی بۆردومانکردنی ناوەندەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئێسفەهانی دەرکرد و ڕایگەیاند کە پاشەکەوتە ئەتۆمییەکان لەژێر خاکدا نێژراون و دەبێت بگوازرێنەوە بۆ ئەمریکا.
هاوکات، ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی کاناڵی "سی ئێن ئێن" ئاشکرای کردووە کە تاران لە ترسی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمریکا بۆ دەسبەسەرداگرتنی زیاتر لە ٤٠٠ کیلۆگرەم ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ٦٠٪، لە حەفتەکانی ڕابردوودا بەئەنقەست تونێلەکانی هەڵگرتنی ماددە ئەتۆمییەکانی تێکداوە و دەروازەکانی کێڵگە ئەتۆمییەکانی مینڕێژ کردووە بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر جۆرە پشکنین و دەستڕاگەیشتنێک بکات.