کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: حکوومەتی ئێران ٥٢ هەزار کەس لە خەڵکی ناڕازیی ئێرانی کوشتووە

08:59 - 23 پووشپەڕ 2726

دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا لە پەراوێزی واژۆکردنی بڕیارێکی جێبەجێکاریدا لە کۆشكی سپی، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بە خەڵک کوشتن تاوانبار کرد و ڕایگەیاند کە حکوومتی ئێران تەنیا لە مانگی بەفرانباردا زیاتر لە ٥٢ هەزار کەس لە خەڵکی ناڕازیی خۆی کوشتووە.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ی پووشپەڕ، دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند: "ئەو کارەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی دەیکات گەمژانە و ناپەسەندە و لەگەڵ خەڵکی خۆیدا زۆر بەتوندی هەڵسوکەوت دەکات".

ترامپ باسی لەوەش کرد کە "ئەوەی هەتا ئێستا بۆ ئێمە ڕوون بووەتەوە، ئەوان ٥٢ هەزار کەسیان کوشتووە، هەرچەند ئاماری ڕاستەقینە زۆر زیاتر لەوەیە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە "ئەو دۆخە لە ئێران زۆر مەترسیدار و نالەبارە، بەڵام ئەمریکا بە زوویی دۆخەکە دەگرێتە دەست".

سەرۆککۆماری ئەمریکا هەروەها لەسەر نالەباریی دۆخی هەنووکەیی ئێران پێداگری کرد و بە "وەحشیانە" ناوی لێ برد.

ترامپ ڕاشیگەیاند کە ئێمە درێژە بە ڕێگای خۆمان دەدەین، هەموو تواناکانی ئەوان و ئەو شتانەی پێوەندییان بە گەرووی هۆرمۆزەوە هەیە، لەنێو دەبەین".

ناوبراو بۆ جارێکی دیکە وتی: "بە بڕوای من، لە کۆتاییدا ئەمریکا کۆنتڕۆڵی تەواوی دۆخەکە دەگرێتە دەست".