کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ئەمریکا پڕۆژەی "کێوی پیکاکس" لە ئێران لەنێو دەبات

09:02 - 23 پووشپەڕ 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پرۆژەی "کێوی پیکاکس" (کوه کلنگ) لە ئێران لەنێو دەبات و هۆشداریشی دا کە واشنگتۆن لە وەشاندنی گورزە بەهێزەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە بەردەوام دەبێت.

ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لە بەرنامەی "ھیوو ھیووت"دا وتی: "ئێمە بەنیازین کێوی پیکاکس تێک بشکێنین. بە ئێرانییەکان بڵێن با ئامادە بن."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان چاوەدێرییەکی وردی ئەو شوێنە دەکەن و وتی: "ئەوان لە دۆخی ئەتۆمیی خۆیاندا سەرکەوتوو نین. هەر کاتێک زانیارییەک لەو بارەیەوە ببیستین، دەیتەقێنینەوە؛ بۆیە حەز ناکەن باسی بکەن. بەڵام پێدەچێت بەمزووانە پیکاکس تاقی بکەینەوە."

کێوی پیکاکس کە دەکەوێتە نزیک دامەزراوەی پیتاندنی ئۆرانیۆمی نەتەنز، سایتێکی زۆر قایمکراوە و دوو کۆمەڵە تونێلی قووڵ لەخۆ دەگرێت.

کارناسان پێیان وایە ئەم شوێنە تەنانەت لە دەرەوەی توانای بەهێزترین بۆمبە سەنگەرشکێنەکانی ئەمریکادایە.

ترامپ پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە ئەمریکا گەمارۆی سەر کەشتیوانیی ئێران لە کەنداودا دەسەپێنێتەوە و گەرەنتیی کراوەهێشتنەوەی گەرووی هۆرمۆز دەکات. ئەو لە کۆتاییدا وتی: "ئێمە ئەمشەو و سبەی گورزێکی توندیان لێدەدەین و هیچ کاریشیان لەدەست نایەت."