ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکام" ڕایگەیاند: "کاتژمێر ٥ و ٤٥ خولەکی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە کۆتایی بە نوێترین شەپۆلی هێرشەکان دژ بە کۆماری ئیسلامی هێنا".
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ی پووشپەڕ، سێنتکام ڕایگەیاند کە "لەو ئۆپەراسیۆنە ٥ کاتژمێرییەدا کە لە یەکەم کاتژمێری ئەمڕۆوە دەستی پێکرد و هەتا نزیک بە کاتژمێر ٦ درێژەی کێشا، هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە بە سەرکەوتووییەوە دەیان بنکەی سەربازیی ئێران لەنێو ببەن".
سێنتکام ڕایگەیاند کە بنکەکانی ڕێژیم لە بووشێهر، چابەهار، جاسک، کنارەک، ئەبوومووسا و بەندەرعەباس کراونەتە ئامانج.
لەو ڕاگەیەندراوەی سێنتکامدا هاتووە کە ئەو ئۆپەراسیۆنە بەربڵاوە بەمەبەستی لاوازکردنی توانای سەربازیی ڕێژیم بۆ هێرش دژی کەشتییە بازرگانییەکانی گەرووی هۆرمۆز بەڕێوە چووە.
لەو ڕاگەیەندراوەدا باس لە بەئامانجگرتنی سیستەمی بەرگریی کەناراوەکان، سەکۆی مووشەکی و پەهپادی و توانای سەربازیی دەریایی سپای تێرۆریستیی پاسداران کراوە.
سێنتکام ڕایگەیاند کە لە ئێستادا زیاتر لە ٥٠ هەزار هێزی سەربازیی ئەمریکا لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا هەیە و لە هەمان کاتدا هوشیار، ئامادە و توانای سەربازیی باشیان هەیە.