بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران لە کۆتایی جۆزەردانی ١٤٠٥، ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتووەتە ٦٢٪ و هەڵاوسانی خاڵبەخاڵ ڕیکۆردی کەموێنەی ٨٨.٦٪ی تۆمار کردووە.
ئەم بازدانە کە بەهۆی شۆکی دراو و تێچووەکانی شەڕی ئەم دواییەوە هاتووە، زۆرترین گوشاری خستووەتە سەر پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لەنێو ١١ پارێزگای ئێران کە تووشی هەڵاوسانی سێ ژمارەیی (سەرووی ١٠٠٪) بوون، پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ لەسەرووی لیستەکەدا دەبینرێن.
پارێزگای ئیلام بە تۆمارکردنی ١١٤.٧٪ بەرزترین ڕێژەی هەڵاوسانی لەسەرانسەری ئێراندا هەبووە و دوای ئەو، پارێزگای سنە بە ڕێژەی ١١١.٧٪ لە پلەی دووەمدایە.
هەروەها پارێزگاکانی کرماشان و ورمێ بە تێپەڕاندنی سنووری ١٠٠٪، قورسترین دۆخی ئابوورییان بەسەر خەڵکدا سەپاندووە.
ئەم قەیرانە کاتێک مەترسیدارتر دەبێت کە هەڵاوسانی کەرەستەی خۆراکی گەیشتووەتە ١٣٤.٦٪ و نرخی ڕۆن و چەورییەکان ٢٧٨.٤٪، گوشتی سوور و پەلەوەر ١٧٨.٢٪، بەرهەمە شیرەمەنییەکان ١٥١.٩٪ و نان و دانەوێڵە ١٣٨.٨٪ بەرز بوونەتەوە.
لەکاتێکدا پارێزگاکانی کوردستان لەژێر گوشاری هەڵاوسانی سێ ژمارەییدا دەناڵێنن، هەڵاوسانی خاڵبەخاڵ بۆ پارێزگای تاران ٧٣.٣٪ ڕاگەیەندراوە کە ١٥.٣٪ لە هەڵاوسانی گشتیی ئێران کەمترە.
ئەم جیاوازییە ئامارییە بە ڕوونی نادادپەروەریی دابەشبوونی قەیرانی ئابووری لە نێوان ناوەند و کوردستان نیشان دەدات و ئەمەش دەریدەخات کە قورسیی باجی سیاسەتە چەوتە ئابوورییەکان و پێکدادانە سەربازییەکانی ڕێژیم، زیاتر لە هەمووان کەوتووەتە سەر شانی پارێزگاکانی کوردستان.