وەزارەتی بەرگریی ئێمارات ڕایگەیاند کە دوو نەوتهەڵگری نیشتمانیی وڵاتەکەی لە کاتی تێپەڕبوونیان بە ڕێڕەوی کەشتیوانیی باشووری گەرووی هۆرمۆز و لەناو ئاوە هەرێمییەکانی عوماندا، کراونەتە ئامانجی دوو مووشەکی کرووزی ڕێژیمی ئێران.
ئەم وەزارەتە لە ڕێگەی چەند پۆستێکەوە لە پلاتفۆرمی ئێکس ئاشکرای کرد کە نەوتهەڵگرەکانی «مۆمباسا» (Mombasa) و «ئەلبەهیە» (Al Bahiah) بەر ئەو هێرشە کەوتوون.
لە ئەنجامدا خەدەمەیەکی هێندی لەناو کەشتیی مۆمباسادا گیانی لەدەست داوە و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون کە باری تەندروستیی چواریان ناجێگیرە. بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، شەش کەسی هێندی و دوو ئۆکراینی لە نێوان بریندارەکاندا هەن.
هێرشەکە زیانی ماددیی زۆری بە نەوتهەڵگرەکان گەیاندووە و بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لەنێو کەشتییەکان، بەڵام بەرپرسانی ئێمارات ڕایانگەیاند کە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە.
وەزارەتی بەرگریی ئێمارات ئەم ڕووداوەی وەک "هێرشێکی ئاشکرا" و "دەستدرێژییەکی مەترسیدار و پێشێلکارییەکی زەق بۆ سەر یاسا نێودەوڵەتییەکان" مەحکووم کرد کە ئەمنییەت و سەقامگیریی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئێمارات جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی مافی تەواوی خۆی دەپارێزێت بۆ وڵامدانەوەی ئەم گرژییە و گرتنەبەری سەرجەم ڕێکارە پێویستەکان بۆ پاراستنی خاک، هاووڵاتییان و دانیشتووانی.