کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام: گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران لە ٢٣ی پووشپەڕەوە دەست پێدەکاتەوە

10:36 - 23 پووشپەڕ 2726

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام) بە فەرمی ڕایگەیاند کە گەمارۆی دەریایی بۆ سەر هاتوچۆی کەشتییەکان بەرەو بەندەرەکانی ئێران، شەوی سێشەممە ٢٣ی پووشپەڕ  کاتژمێر ١١:٣٠ دەست پێدەکاتەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی سێنتکام کە ئێوارەی دووشەممە لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاو کرایەوە، هێزەکانی ئەمریکا ئەم گەمارۆیە بەسەر سەرجەم ئەو کەشتییانەدا دەسەپێنن کە هاتوچۆ بۆ بەندەر و ناوچە کەناراوییەکانی ئێران دەکەن.

هاوکات ئەرتەشی ئەمریکا لە پاراستنی هاتوچۆی دەریایی لە ناوچەکە بۆ هەموو ئەو کەشتییانەی کە ئەم گەمارۆیە پێشێل ناکەن بەردەوام دەبێت.

سێنتکام ئاماژەی بەوە کردووە کە دەستپێکردنەوەی ئەم گەمارۆیە دوای خولی یەکەمی جێبەجێکردنی لە نێوان ٢٤ی خاکەلێوە تا ٢٨ی جۆزەردانی ڕابردوو دێت، کە تێیدا ڕێڕەوی زیاتر لە ١٤٠ کەشتی گۆڕدراوە، ٩ کەشتی لەکار خراون و ڕێگەش بە تێپەڕبوونی زیاتر لە ٥٠ کەشتیی بازرگانیی هەڵگری هاوکاریی مرۆیی دراوە.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە هاتە ئاراوە کە دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند گەمارۆی دەریایی ئێران دەستبەجێ دەست پێدەکاتەوە؛ ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بەو گرژی و پێکدادانە نوێیانەی لەم حەفتەیەدا بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا هاتنە ئاراوە.