کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا: نەوتهەڵگرێک لە نزیک کەناراوەکانی عومان بە مووشەک پێکرا

11:04 - 23 پووشپەڕ 2726

ڕێکخراوی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بریتانیا ڕایگەیاند کە نەوتهەڵگرێک لە دووریی ١٣ مایلی دەریایی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ناوچەی "لیما" لە عومان، کراوەتە ئامانجی هێرشێکی مووشەکی.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی پووشپەڕ بڵاو کراوەتەوە، ڕووداوەکە ڕۆژی پێشووتر (٢٢ی پووشپەڕ) و لە کاتی دەرچوونی کەشتییەکە لە گەرووی هۆرمۆز لە ڕێڕەوی باشوورەوە ڕووی داوە.

ئەم ڕووداوە لە بەردەوامیی چڕبوونەوەی نائارامییە دەریاییەکانی ڕۆژانی ڕابردوودا ڕوو دەدات؛ ئێمارات ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە دوو نەوتهەڵگر لە ئاوەکانی عوماندا بە مووشەکەکانی کرووزی ڕێژیمی ئێران کراونەتە ئامانج، کە لە ئەنجامدا ٩ کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

حەفتەی ڕابردووش نەوتهەڵگرێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوچەی لیما لە ئاوەکانی عوماندا کرابووە ئامانج.

ڕێکخراوی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بریتانیا جەختی کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان لەسەر وردەکاریی ڕووداوەکە بەردەوامن و هۆشداریشی داوەتە سەرجەم کەشتییەکانی دیکەی ناوچەکە کە بە وریاییەکی زۆرەوە هاتوچۆ بکەن.