کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام و ١٢ وڵاتی عەرەب لەسەر پرسی ئەمنییەتیی ناوچەکە کۆ بوونەوە

10:17 - 11 پووشپەڕ 2726

دوابەدوای شەڕەنگێزییەکانی ئەم دواییانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دژ بە وڵاتانی ناوچەکە، ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکام" بە خانەخوێیی هێزی بەرگریی بەحرەین لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنییەتی و سەربازیی ١٢ وڵاتی عەرەبی لە مەنامە کۆ بوویەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی پووشپەڕ، سێنتکام لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی و ئەمنییەتیی هەرکام لە وڵاتانی بەحرەین، میسر، ئۆردۆن، کوەیت، لوبنان، عومان ، قەتەر، عەرەبستان، سووریە، ئێمارات و یەمەن لە مەنامەی بەحرەین لەسەر دۆخی ئەمنییەتیی ناوچەکە و ڕێکارەکانی هاوکاریی بەرگریی زیاتر، کۆ بوویەوە.

بەپێی زانیارییەکان، بەشداربووانی ئەو کۆبوونەوەیە لەسەر بەڵێنی هاوبەشی خۆیان لەمەڕ پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی و ڕەوتی ئازادیی بارزگانی لە گەرووی هۆرمۆز پێداگرییان کردووە.

بێرێد کۆپێر فەرماندەی سێنتکام لەو کۆبوونەوەدا دڵنیایی بە بەرپرسانی ئەو ١٢ وڵاتە داوە و ڕایگەیاندووە کە "ئیمە لەپاڵ هاوپشكە ناوچەییەکانمان ڕاوەستاوین".

فەرماندەی سێنتکام ئاماژەی بە توانا سەربازییەکانی وڵاتەکەی و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە کرد و ڕایگەیاند: "ئێمە و هاوپەیمانەکانمان خاوەن بەهێزترین و پێشکەوتووترین کەرەستەی چالاکی بەرگریی و مووشەکیی جیهانین".

کۆپێر باسی لەوەش کرد کە یەکەمین جارە بەرپرسانی سووریە و لوبنان لە کۆبوونەوەیەکی ناوچەییدا بە ڕێبەریی ئەمریکا کۆ ببنەوە.