شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، دەرچوونی سزای بەندکردنی بۆ سێ چالاکوانی پیشەیی مامۆستایان مەحکووم کرد و داوای ئازادکردنی مامۆستایانی بەندکراو و کۆتاییهێنان بە هەڵسوکەوتە ئەمنییەتییەکان دژی چالاکوانانی پیشەیی کرد.
ئەم ڕێکخراوە پیشەییە، دەرچوونی سزای بەندکردن بۆ شوکروڵڵا ئەحمەدی، ڕەزا موسلیمی و کەوکەب بداغیی وەک بەردەوامیی ڕووبەڕووبوونەوەی چالاکییە پیشەیی و ئاشتیخوازانەکانی مامۆستایان ناو بردووە.
لە بەیاننامەکەدا هەروەها ئاماژە بە بەردەوامیی دەسبەسەرکردنی جانموحەممەد ئەحمەدی و بێبەشکردنی عەلی ئەحمەدی، مامۆستای خانەنشینکراوی ناوچەی نوورئابادی مەمەسەنی، لە ئازادی و دەستڕاگەیشتنی گونجاو بە چارەسەری پزیشکی کراوە.
شۆرای هاواهەنگی بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە بەدواداچوون بۆ داخوازییە پیشەییەکان و بەرگریکردن لە پەروەردەی گشتی مافێکی یاسایی مامۆستایانە، داوای هەڵوەشاندنەوەی سزاکان، ئازادکردنی سەرجەم مامۆستایانی بەندکراو، بەدواداچوون بۆ دۆخی عەلی ئەحمەدی و کۆتاییهێنان بە دۆسییەسازی و هەڵسوکەوتە ئەمنییەتییەکان دژ بە چالاکوانانی پیشەیی دەکات.