لە دوای چلەی دوو برای کوردی یارسان و خەڵکی داڵاهۆ بە ناوەکانی "موجتەبا وەیسی" و "مەیسەم وەیسی" کە بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی جۆزەردان بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کوژران، جارێکی دیکە کتێبخانەی دەردەدرێژی کرماشان لەلایەن بنەماڵەی ئەو دوو لاوە شەهیدەوە کرایەوە.
باوکی شەهیدان مەیسەم و موجتەبا وەیسی لە گرتە ڤیدیۆییدا لە ڕێوڕەسمی کرانەوەی دووبارەی ئەو کتێبخانەدا ڕایگەیاند: "ئەو دوو کوڕەی من هەتا لە ژیاندا مابوون پەرەیان بە کاری فەرهەنگی و کلتووری و زمانی کوردی دا، ئێمەیش هەتا تاکێکی بنەماڵەمان مابێت، دەبێت پەرە بە زمانی کوردی و کاری فەرهەنگی بدەین".
هەروەها مەهتاب وەیسی کچی موجتەبا وەیسی، لەو ڕێوڕەسمەدا ڕایگەیاند: "من وەک کچی شەهید موجتەبا و برازای شەهید مەیسەم ڕادەگەیەنم کە کتێبخانەی دەرەدرێژی کرماشان دەرگای خۆی بە ڕووی زانست و فێربووندا کردووەتەوە و دەمانەوێت منداڵان و لاوانی فێرخواز و خوێنەر لە دەوری یەک کۆ بکەیەنەوە و بە ئومێدی حەق کتێبخانەکانمان چیتر داناخرێتەوە".
شایانی باسە لەو ڕێوڕەسمەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە منداڵان بەتایبەت کچان بە جلوبەرگی کوردییەوە بەشداریی چالاکانەیان هەبووە و لەلایەن خەڵکی ئەو ناوچەیەشەوە پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەتۆمەتی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، بە دوای "موجتەبا وەیسی" و "مەیسەم وەیسی"دا دەگەڕان و بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی جۆزەردان لە کاتی خۆحەشارداندا لە گوندی "خولەکەوش"ی سەر بە داڵاهۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران کوژران.
ئەو دوو برایە لە چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنیی کۆمەڵگەی یارسان و لە دامەزرێنەرانی کتێبخانەی شارۆچکەی "دەرەدرێژ"ی کرماشان بوون.