کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەیەکی باڵای دیکەی حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا

09:11 - 24 پووشپەڕ 2726

ئەرتەشی ئیسرائیل لە درێژەی ئۆپەراسیۆنەکانی لە دژی تێرۆریستانی حەماس و حیزبوڵڵا ڕایگەیاند کە چەند چەکدارێکی دیکەی گرووپی تێرۆریستیی حەماس لەوانەش فەرماندەیەکی ئەمنییەتی و سەربازیی ئەو گرووپەی لە غەززە لەنێو بردووە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی پووشپەڕ، ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: "لە باکووری غەززە تێرۆریست محەممەد مەروان محەممەد سالم، سەرۆکی ئەمنییەتی سەربازیی گوردانی جەبالیای ناوەندی سەر بە باڵی سەربازیی حەماس هاوکات لەگەڵ چەند چەکداری دیکەی ئەو گرووپە کوژران".

ئەرتەشی ئیسرائیل شوناسی ئەو چەند چەکدارە کوژراوەی حەماسی بەو شێوەیە بڵاو کردەوە؛ عەبدولمالک ئەبولجەبین چەکداری نوخبە لە گوردانی جەبالیای ناوەندی و سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوە لە پۆلیسی حەماس، یامێن محەممەد جبرەئیل عوبەید، فەرماندەی یەکەیەکی گوردانی جەبالیا، غوسان ئەکرەم سەلامە، چەکداری هەمان گوردان و یەکێک لە بەرپرسانی پۆلیسی حەماس.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەرتەشی ئیسرائیل، ئەو چەکدارانەی حەماس لە بەرەپێشبردنی هەوڵە تێرۆریستییەکانی ئەو گرووپە دژ بە ئیسرائیل ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی پووشپەڕ، ئەرتەشی ئیسرائیل قاچاخچییەکی سەر بە حەماس کە کەرەستەی سەربازیی بۆ ئەو گرووپە لە غەززە دابین دەکرد، کردە ئامانج.

هاوکات هەمان ڕۆژ کۆگایەکی بەرهەمهێنانی چەکوچۆڵی ئەو گرووپە لە غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە تەقێندرایەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل، لە کاتێکدا ئەو کۆگایە کراوەتە ئامانج کە چەندین تێرۆریستی حەماسیش تێیدا خەریکی کارکردن بوون.