دادگای باڵای تاوانەکانی بەحرەین، لە دوو دۆسییەی جیادا، سێ کەسی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ سپای تێرۆریستیی پاسداران بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تێکدەرانە، بە بەندکردنی هەتاهەتایی سزا دا.
بەپێی ڕاگەیاندراوی داواکاری گشتی، تۆمەتبارەکان زانیاریی هەواڵگری و وێنەی ناوەندە هەستیار و ستراتێژییەکانی بەحرەینیان کۆ کردووەتەوە و ڕادەستی ڕێژیمی ئێرانییان کردووە تا لە کاتی هێرشەکاندا بکرێنە ئامانج.
لە دۆسییەی یەکەمدا، تۆمەتبارێک کە لە دەرەوەی وڵات بووە، کەسێکی تری لە نێوخۆ بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر شوێنە گرنگەکان ڕاسپاردووە.
لە دۆسییەی دووەمدا، تۆمەتبارەکە لە ڕێگەی ئەکاونتێکی سەر بە سپای پاسدارانەوە، ڤیدیۆی هێرشەکانی پێشووی سەر دامەزراوەکانی بەحرەین و نەخشەی چەند پێگەیەکی تری بۆ لێدان ناردووە.
داواکاری گشتیی بەحرەین جەختی کردووەتەوە کە لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ئەو زانیارییانەی لەلایەن ئەم تۆمەتبارانەوە دزەیان پێکراوە، ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان هەبووە لە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ژمارەیەک لە دامەزراوە و ناوەندە گرنگەکانی بەحرەین و ئەمنییەت و سەقامگیریی ئەم وڵاتەیان خستووەتە مەترسییەوە.