کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی نوێی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرعەباس، بووشێهر، ئابادان و ماهشەهر

09:24 - 24 پووشپەڕ 2726

میدیاکانی ڕێژیم ڕایانگەیاند کە نیوەڕۆی سێشەممە ٢٣ی پووشپەڕ، چەندین ناوچەی کەناراوی لە باشووری وڵاتەکە کراونەتە ئامانجی هێرشی ئەمریکا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئیرنا"، پارێزگاری هۆرمۆزگان هێرشی مووشەکی لە دەوروبەری کاتژمێر ١٣ی پاشنیوەڕۆی پشتڕاست کردەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە هیچ زیانێکی گیانیی مەدەنی یان ماددی بە ژێرخانی ناوچە نیشتەجێبووەکان و ئابوورییەکان نەگەیشتووە.

هاوکات، لە بووشێهر چوار شوێن لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە کرانە ئامانج و بەرپرسانی ڕێژیم ڕایانگەیاند کە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە، هەرچەندە دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە شارەکەدا بیستراوە.

لە پارێزگای خووزستانیش، بەرپرسانی ئەمنییەتیی ڕێژیم ڕایانگەیاند نێوەڕۆ خاڵێک لە ئابادان و خاڵێکی تر لە نزیک ماهشەهر پێکراون کە بووەتە هۆی دوو تەقینەوەی بەهێز.

ئەم هێرشە نوێیانە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێن کە شەوی پێشتریش فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) لە ئۆپەراسیۆنێکی پێنج کاتژمێریدا، هێرشی کردبووە سەر چەندین ئامانجی ستراتێژی لە بووشێهر، چابەهار، جاسک، کۆنارەک، ئەبوو مووسا و بەندەرعەباس، وەک وڵامێک بۆ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هۆرمۆزدا کە بووەتە هۆی تێکدانی ئەمنییەت و سەقامگیریی تەواوی ڕێڕەوە ئاوییە گرنگەکانی ناوچەکە.