ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند کە هێرشێکی چڕی حەوت کاتژمێرییان بۆ سەر پێگەکانی ئێران لە نزیک گەرووی هۆرمۆز و ناوچە کەناراوییەکان بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهێناوە.
بەپێی ئەم بەیاننامەیە، فڕۆکە شەڕکەرەکان، دڕۆن و کەشتییەکانی ئەمریکا بە فەرمانی دۆناڵد ترامپ و بە بەکارهێنانی تەقەمەنیی زیرەک، هێرشیان کردووەتە سەر سایتە مووشەکی و بەرگرییەکانی کۆماری ئیسلامی.
هاوکات هێزەکانی ئەمریکا گەمارۆی دەریایی بەندەرەکان و ناوچە کەناراوییەکانی ئێرانیان دووبارە دەست پێکردووەتەوە و بۆ ئەنجامدانی هەر ئۆپەراسیۆنێکی تر لە ئامادەباشیی تەواودان.
ئەم هێرشانە چەندین ناوچەی ستراتێژیی ئێرانیان گرتەوە، لەوانە دوورگەی قشم، سیریک، بەندەرعەباس، بووشێهر، جەم، چابەهار و ماهشەهر لە ناوچە کەناراوییەکان.
هاوکات لە نێوخۆی وڵاتەکەش شارەکانی ئەهواز، بێهبەهان، دێزفوول، ئەندیمشک، دێهلۆڕان و بارەگای تیپی ۳۸۸ی ئەرتەشی ڕێژیم لە شاری بەمپووری سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان کرانە ئامانجی ڕاستەوخۆی هێرشە ئاسمانییەکانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا.
وەک پەرچەکردارێک بەرانبەر ئەم هێرشانە، سپای تێرۆریستیی پاسداران و ئەرتەشی ڕێژیم زنجیرەیەک هێرشی تۆڵەسەندنەوەیان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەست پێکرد.
سپای پاسداران ڕایگەیاند کە بە هێرشی مووشەکی و دڕۆنی بنکەی پەیوەندییە ماهوارەییەکان، ڕاداری بەرگریی مووشەکی و ئاسمانی، کۆمەڵەی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت، کۆگای تەقەمەنیی بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە کوەیت و سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی "هایمارس"ی کردووەتە ئامانج.
هاوکات زەنگی مەترسی لە بەحرەین لێدرا و چەندین موشەک بەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە بەحرەین و ئوردن کەوتن.
کاتژمێرێک دوای ئەوەی کە سپای پاسداران هەواڵی هێرشکردنە سەر پێگەکانی هێزەکانی ئەمریکای لە بەحرەین و کوەیت ڕاگەیاند، ئەرتەشی ڕێژیمیش ڕایگەیاند کە بە دڕۆن هێرشی کردووەتە سەر بنکەی ئاسمانیی ئەمریکا لە ئۆردۆن.