کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٨٠ نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم خوازیاری تۆڵەی خوێنی خامنەیی بوون

09:48 - 24 پووشپەڕ 2726

زیاتر لە ١٨٠ نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم بە دەرکردنی بەیاننامەیەک خوازیاری بەدواداچوونی تۆڵەی خوێنی عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشووی ڕێژیم بوون.

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی پووشپەڕ، لە کۆبوونەوەی نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم، ١٨٠ نوێنەری ڕێژیم لە بەیاننامەیەکدا خوازیاری تۆڵەکردنەوەی خوێنی خامنەیی بوون و ڕایانگەیاند کە "دەبێت بۆ قیساسی بکوژان، بکەران و بەشداربووان لە کوژرانی عەلی خامنەیی گەڵاڵەیەکی یاسایی پەسەند بکرێت".

هەروەها ئەو نوێنەرانەی ڕێژیم خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی لێکتێگەیشتننامەی ئیسلام ئاباد لەنێوان تاران و واشینگتۆن بوون.

واژۆکەرانی ئەو بەیاننامەیە هاوکات داوای دروستکردنی کۆمسیۆنی تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنی دانوستان، ئاڵوگۆڕ لە شێوەی بەرگری و پەسەندکردنی یاسای بەڕێوەبردنی گەرووی هۆرمۆز بوون.

ئەو نوێنەرانەی ڕێژیم هاوکات داوایان لە دەوڵەتی پزیشکییان کرد کە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی شەڕ و باشترکردنی بژێویی خەڵک وەزیری دیکە لە جێگەی وەزیرانی کوژراو پێشنیار بکات.