دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی فاکسنیوز ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران لە ڕۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبن و مەوداکەیان فراوانتر دەبێت.
ناوبراو وتی کە هێرشە قورسەکان لە چەند شەوی داهاتوودا بەردەوام دەبن و هۆشداریی دا ئەگەر تاران نەیەتە سەر مێزی گفتوگۆ، حەفتەی داهاتوو ژێرخانە گرنگەکانی ئێران، لەوانە وێستگەکانی کارەبا و پردەکان دەکرێنە ئامانج.
ترامپ جەختی کردەوە: "تەواوی وێستگەکانی کارەبا و پردەکانیان لەکار دەخەین، مەگەر ئەوەی کە بێنە سەر مێزی گفتوگۆ."
هەروەها لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری هێرشکردنە سەر ژێرخانەکانی وزە، ڕایگەیاند کە ئەم ئامانجانەش لە کۆتاییدا دەکرێنە ئامانج، بەڵام لە قۆناغی کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەبێت و تەنیا لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئێران لە گفتوگۆکردن خۆی بەدوور بگرێت.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دەدرێن کە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنگتۆن ڕووی لە زیادبوون کردووە و ئەمریکا لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێرشەکانی بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران چڕتر کردووەتەوە.