بۆ ئاگاداریی هاونیشتمانییانی تێکۆشەر و بیروڕای گشتی، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی پووشپەڕ کاتژمێر ٨ی ئێوارە بەکرێگیراوێکی ڕێژیم بەناوی "نیما تەیمووری" کوڕی جەعفەر لە شاری مەهاباد هێرشی کردووەتە سەر چەند هاووڵاتیی مەدەنی بە بیانووی ئەوەی ئەو چەند کەسە جلوبەرگی خاکی ڕەنگیان لەبەر کردووە. لە ئاکامدا کەسێکی سێڤیل بەناوی "سیاوەش ئەلەک" کوڕی سەید عومەر گیانی لێ دەستێندرێ و چەند کەسی دیکەش بریندار دەبن. هەر دوابەدوای ئەوە جاشەکان بە دروستکردنی دۆخێکی ترسێنەر پێش بە ماشینی خەڵک دەگرن و بێڕێزییان پێ دەکەن.
دوای ئەو ڕووداوە کۆمەڵێکی زۆر لە خەڵکی مەهاباد دەچنە بەر دەرکی نەخۆشخانەی شار و بە دروشمدان، بێزاریی خۆیان لە جاشەکانی ڕێژیم و بۆ پشتیوانی لە خەڵکی شار دەر دەبڕن.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی بەداخبوون بۆ گیانلەدەستدانی لاوی بەغەدر کوژراو "سیاوەش ئەلەک" و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ناوبراو، ئەو کردەوەی بەکرێگیراوانی ڕێژیم مەحکووم دەکا و داوا لە خەڵکی کوردستان بەگشتی و مەهاباد بەتایبەتی دەکا، لە بەرانبەر دەستدرێژی و ئەزیەت و ئازاری بەکرێگیراوانی ڕێژیمدا بێدەنگ نەبن و یەکگرتووانە بەگژیاندا بێنەوە و ڕێگا نەدەن بە بیانووی جۆراوجۆر ژیان و گیان و ماڵیان بخەنە مەترسییەوە.
ڕۆژی ڕزگاریی وڵاتمان لە دەست زوڵم و زۆری کۆماری ئیسلامی نزیکە و بەکرێگیراوانی ڕێژیم دەبێ بزانن چیتر ناتوانن درێژە بە تاوانەکانیان دژ بە خەڵکی کوردستان بدەن .
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی تەشکیلاتی نهێنی
١١ی پووشپەڕی ١٤٠٥