ماڵپەڕی ئاکسیۆس لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە لە ژووری بارودۆخی نائاسایی کۆشکی سپی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمنییەتی و سەربازی بۆ تاوتوێکردنی چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکان دژی ئێران کۆ بووەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو بژاردانەی خراونەتەڕوو هێرشی زیاتر لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئێستای دەوروبەری گەرووی هۆرمۆز لەخۆ دەگرن.
ئاکسیۆس دەنووسێت ئامانج لەم هەنگاوە، زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر تاران بە مەبەستی کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز و قەبووڵکردنی داواکارییەکانی واشنگتۆن سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانە.
لەو کۆبوونەوەیەدا، جەی دی ڤانس، مارکۆ ڕۆبیۆ، پیت هێگسێت، دەن کەین، جان ڕاتکلیف، ستیڤ ویتکاف و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی باڵای دەوڵەتی ئەمریکا ئامادە بوون.
ئەم ڕاپۆرتە هاوکات لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی و چڕبوونەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات بڵاو بووەتەوە.
ترامپ پێش ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کاناڵی فاکسنیوز ڕایگەیاندبوو کە ئەگەری هەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا مەودای هێرشەکانی ئەمریکا دژی ئێران فراوانتر بکرێت.