کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی یەکێکی دیکە لە دەسبەسەرکراوانی مانگی بەفرانباری لە سێدارە دا

11:00 - 24 پووشپەڕ 2726

دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی "محەممەد ئەمینی دەهاقانی"، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لە ئێسفەهان، جارێکی دیکە نیگەرانییەکانی سەبارەت بە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان لە دۆسییە ئەمنییەتی و سیاسییەکان و بەکارهێنانی بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران زەق کردەوە.

هەواڵدەریی "میزان" ڕایگەیاند کە سزای لەسێدارەدانی ئەم هاووڵاتییە بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی پووشپەڕ، دوای پەسەندکردنی لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە جێبەجێ کراوە.

دەزگای دادوەریی ڕێژیم، دەهاقانیی بە فڕێدانی کۆکتێل مۆلۆتۆف بۆ سەر فەرمانداری و بنکەی پۆلیسی دەهاقان و ئەنجامدانی ناڕەزایەتی تۆمەتبار کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەم سزایە لەسەر بنەمای وێنەی کامێراکانی چاوەدێری و دانپێدانانەکان دەرکراوە.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پێیان وایە جێبەجێکردنی ئەم جۆرە سزایانە لە دۆسییە ئەمنییەتییەکاندا، بەتایبەت لە بارودۆخی قەیراناویدا، بەشێکە لە پرۆسەی بەکارهێنانی سزای مەرگ بۆ دروستکردنی ترس لە ناو کۆمەڵگە و کۆنتڕۆڵکردنی خۆپیشاندانەکانە.

فۆڵکێر تورک، کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی ٢٥ی جۆزەردان ڕایگەیاندبوو کە ئێران لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦وە تا ئێستا، نزیکەی ٤٠ کەسی بە تۆمەتی "کردەوە دژی ئەمنییەتی میللی" لە سێدارە داوە کە ١٨ کەسیان لە خۆپیشاندەرانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار بوون.

ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٥دا، دوو هەزار و ١٥٩ کەسی لە سێدارە داوە کە بە بەراورد بە ساڵی پێش خۆی زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە.