کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: وڵامی ئێمە بۆ ئێران زۆر بەهێزتر لە ڕابردوو دەبێت

13:43 - 24 پووشپەڕ 2726

بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریی جیددیی بە ڕێژیمی تاران دا و ڕایگەیاند لە ئەگەری هەر هەڵە و هێرشێکی ئێران بۆ سەر خاکی ئیسرائیل، وڵامی ئێمە زۆر بەهێز و بەربڵاوتر لە ڕابردوو دەبێت.

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی پووشپەڕ، بێنیامین نێتانیاهوو لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری دیمۆنای ئیسرائیل بەنیسبەت هەڕەشەکانی ئەم دواییانەی بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند: "ئێمە بۆ هەر سێناریۆیەک ئامادەین".

نێتانیاهوو ڕوو لە بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وتی: "پەیامێکم بۆ ڕێبەرانی ئێران هەیە، ئەگەر هێرش بکەنە سەر ئێمە، ئیتر ئارامی بە خۆتانەوە نابینن".

نابراو بە پێداگرییەوە ڕایگەیاند: "هیچ چاوەڕوانییەکتان لەوە نەبێت کە هێرشەکانی پێشووتر دووبارە بێتەوە، هیچکات ئەوە نابینن".

سەرۆکۆەزیرانی ئیسرائیل لە درێژەدا ڕایگەیاند: "وڵامی پێشوو بەهێز بوو، ئەگەر هەوڵێکی دیکە بۆ زیانگەیاندن بە ئێمە بگرنەبەر، وڵامێکی جیاوازتر و بەتەوژمتریان دەدەینەوە".

هەروەها ناوبراو دڵنیایی دا بە خەڵکی وڵاتەکەی و وتی: "ئەو سەردەمە بەسەر چوو کە هێرش بکرێتە سەرمان و وڵام نەدەینەوە. دەبێت هەرکەس بیر لە شتی وا بکاتەوە، باجی قورسیش بدات".