کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێگسێت داوای لە عێراق کرد میلیشیاکانی سەر بە ئێران چەک بکات

14:04 - 24 پووشپەڕ 2726

پیت هێگسێت، وەزیری شەڕی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پێنتاگۆن ڕایگەیاند کە پێویستە عێراق سەروەریی خۆی بچەسپێنێت و گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە چەک داماڵێت.

هێگسێت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "بۆ قووڵکردنەوەی هاوکارییەکانمان، پێویستە عێراق سەروەریی خۆی جێبەجێ بکات و ئەو میلیشیایانەی سەر بە ئێرانن چەک بکات، کە لە ئەنجامدانی زیاتر لە ٦٠٠ هێرش بۆ سەر پێرسۆنێل و هێزەکانی ئەمریکا لە بەهاری ئەمساڵدا بەرپرسیارن."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەمریکا چاوەڕوانە هێزە ئەمنییەتییەکانی عێراق، لەوانەش پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەتییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، هاوکات لەگەڵ کەمکردنەوەی ئەرکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، ڕۆڵی سەرەکی لە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا بگرنە ئەستۆ."

هێگسێت لە کۆتاییدا نووسیویەتی: "عێراقێکی ئارام و پارێزراو، دەرگا بە ڕووی هاوکارییە بەهێزەکانی بواری بازرگانی و بەرگریدا دەکاتەوە."

عەلی زەیدی لە هەمان ڕۆژدا لە واشنگتۆن لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکاش کۆ بووەوە و گفتوگۆی کرد.