کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران هەڕەشە لە کەشتیوانی و بازرگانیی جیهانی دەکات

14:10 - 24 پووشپەڕ 2726

تەنیا کاتژمێرێک دوای ئەوەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) دەستپێکردنەوەی گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی باشووری ئێرانی بە بەکارهێنانی ٢٠ ناو و سەدان فڕۆکە ڕاگەیاند، سپای پاسداران بە فەرمی هەڕەشەی تێکدانی بازرگانیی دەریایی و ئەمنییەتی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی کرد.

سپای تێرۆریستیی پاسداران لە بەیاننامەیەکی تونددا ڕایگەیاند کە ئەگەر ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوت و گازی ئێران بکرێت، ئەمنییەتی کەشتیوانی و بازرگانیی دەریایی دەخەنە مەترسییەوە و ڕێگە لە هەناردەکردنی وزەی وڵاتانی دیکە و هاوپەیمانانی ئەمریکا دەگرن.

ئەمەش وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر هاوسەنگیی بازاڕی وزە و هێڵە بازرگانییە جیهانییەکان لەقەڵەم دەدرێت.

لە بەیاننامەکەدا هۆشداری دراوە کە بەستنی ڕێڕەوی زەریای هێند لەلایەن ئەمریکاوە، بەو مانایەیە کە دەبێت واشنگتۆن و هاوپەیمانەکانی چاوەڕوانی داخرانی سەرجەم ڕێڕەوە ئاویی و بازرگانییەکانی دیکەی گواستنەوەی نەوت و گاز بن لە ناوچەکەدا، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر کەشتیوانیی ئازادی جیهانی دروست دەکات.