وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر زیاتر لە ٥٠ کەس، شیرکەت و کەشتیی سەر بە تۆڕی "محەممەدحوسێن شەمخانی" (کوڕی عەلی شەمخانی)دا سەپاند کە بزوێنەرێکی سەرەکیی هەناردەی نەوتی ڕێژیمە.
لەم پێوەندییەدا، چەندین کەسی ئێرانی و بیانی لە هێند، ئیتالیا و دانمارک بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئەم تۆڕە بۆ دەربازکردنی سزاکان، سەرجەم داراییەکانیان بلۆکە و مامەڵەکردن لەگەڵیان قەدەغە کرا.
سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند: "ڕێژیمی ئێران بە فێڵکاری زیندووە و تۆڕی شەمخانی یەکێکە لە پڕقازانجترین بزوێنەرەکانی."
ناوبراو جەختی کردەوە کە واشنگتۆن لە ڕێگەی ئەم سزایانەوە خەریکی داخستنی تەواوی ئەو ژێرخانە داراییانەیە کە ڕێگە بەم ڕێژیمە دەدەن لە دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی میللی ئەمریکا و کەشتیوانیی جیهانی لە ناوچەکەدا بەردەوام بێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوەدا، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا چەندین کیفی دیجیتاڵیی (ڕەمزئەرز) سەر بە بانکی ناوەندیی ئێرانی خستە لیستی سزاکانەوە کە لە ئەنجامدا زیاتر لە ١٣٠ میلیۆن دۆلار دارایی ڕێژیم بلۆکە کرا.
بێسێنت ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا بە توندی ڕێگری لە هەوڵە نایاساییەکانی تاران دەکات بۆ بەکارهێنانی دراوە دیجیتاڵییەکان و ڕێگە نادات دەستی بەم سەرچاوە داراییانە بگات.