کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی ئێران دەستی پێکردەوە

14:17 - 24 پووشپەڕ 2726

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، سێنتکام، شەوی سێشەممە ٢٣ی پووشپەڕ ڕایگەیاند کە گەمارۆی دەریایی بەندەرەکان و ناوچە کەناراوییەکانی ئێران لە کاتژمێر ١١:٣٠ بەکاتی ئێران دەستی پێکردووەتەوە.

سێنتکام لە پەیامێکدا ڕایگەیاند کە لە ئێستادا زیاتر لە ٢٠ ناوی شەڕکەری هێزی دەریایی ئەمریکا و سەدان فڕۆکەی سەربازی لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە حاڵەتی ئۆپەراسیۆندان.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە هێزەکانی ئەمریکا هێشتا لە ئامادەباشی تەواودان و لە توانایی و ئامادەیی ئۆپەراسیۆنیی پێویست بەهرەمەندن بۆ بەردەوامبوون لە ئەرکەکانیان.

سێنتکام پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی خولێکی نوێی هێرشەکان بۆ سەر چەندین ئامانج لە ئێران، هێزەکانی ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنەوەی گەمارۆی دەریایی بەندەرەکان و ناوچە کەناراوییەکانی ئێران ئامادە کراون.

لەلایەکی دیکەوە، سپای پاسداران هەڕەشەی کرد کە لە کاردانەوەی گەمارۆدانەوەی گەرووی هۆرمۆز لەلایەن ئەمریکاوە، پێویستە واشنگتۆن چاوەڕوانی داخرانی ڕێڕەوەکانی دیکەی هەناردەکردنی نەوت و گاز بێت کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی دابین دەکەن.