کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزب لە ناوچەی هەوشار

15:31 - 24 پووشپەڕ 2726

ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥، کاک حوسێن ئەکرەمی ناسراو بە حوسێنی حەمەگورگە پێشمەرگەی پێشووی حیزب و لەدایکبووی ئاوایی قزقۆپیی هەوشار، بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدا، کۆچی دوایی کرد.

کاک حوسێن لە سەردەومی دیکتاتۆریی پاڵەویدا بەهۆی نزیکیی ئاواییەکەیان لە شاری سایین قەڵا، لە زۆربەی ناڕەزایەتییەکاندا بەشداریی چالاکانەی هەبووە.

دواتر ساڵی ٥٨ کە حیزبی دێموکرات خەبایی ئاشکرای خۆی دەست پێ دەکاتەوە، بەهۆی تێکۆشان و هەوڵەکانی کاک حوسێن و بنەماڵەکەیەوە یەکەم بنکەی حیزبی لە ناوچەی هەوشاردا لە ئاوایی قزقۆپی دەکرێتەوە.

کاک حوسێن دوای بوون بە پێشمەرگە لە شەڕی نێوشاری سایین قەڵا و هۆڵەسوو هەتا داگیرکرانی ئەو شارە بەشداری کردووە.

دواتر ناوبراو لە  ساڵی١٣٦١ لە هێزی هەوشار دەکشێتەوە بۆ بەشی فەیزوڵابەگیی سەقز و لە شەڕ و تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم بەسەختی بریندار دەبێت.

کاک حوسێن هەتا ساڵی ٦٣ لە ناوچەی هەوشار و فیزوڵابەگیدا ئەرکی پێشەرگایەتیی خۆی دڵسۆزانە بەڕێوە بردووە.

دواتر لە هەمان ساڵدا لەسەر ئیزنی حیزب گەڕاوەتەوە ئاوایی خۆی و هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە حیزبی دێموکرات مایەوە و هەر بە ئاواتی وەدیهاتنی ڕزگاریی گەل و نیشتمانەکەی سەری نایەوە.

کاک حەمە گورگەی باوکی کاک حوسێن کە چەندین ساڵ پێشمەرگە بووە و دواتر لەسەر ئیزنی حیزب گەڕاوەتەوە، لە دوای تێرۆرکرانی دوکتور قاسملوو، کاتێک جاشێک بە سووکایەتییەوە هەواڵی تێرۆکردنی کاک دوکتوری پێ ڕادەگەیەنێت، دەسبەجێ جەڵتە لێی دەدات و کۆچی دوایی دەکات.

تەرمی کاک حوسێن لە ئاوایی قزقۆپی لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوەی پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.