کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چڕتربوونی گوشارە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر مامۆستایان و چالاکوانانی پیشەیی

11:21 - 11 پووشپەڕ 2726

گوشارە ئەمنییەتی و دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژ بە مامۆستایان و چالاکوانانی پیشەیی لە ڕۆژانی ڕابردوودا چڕتر بوونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی هاواهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران، ژمارەیەک لە چالاکوانانی پیشەیی لە پارێزگا جیاوازەکاندا لەگەڵ بانگ‌کردن، دەسبەسەرکردن، گواستنەوە بۆ ژووری تاکەکەسی، بڕینی پەیوەندی و چاوپێکەوتن، دەرکردنی حوکمی بەندکردن و کردنەوەی دۆسییەی نوێی یاسایی بەرەوڕوو بوونەتەوە.

هاوکات، بەشێک لە مامۆستایان بە تۆمەتی وەک "کۆبوونەوە و تێوەگلان دژ بە ئەمنییەتی وڵات" و "پرۆپاگەندە دژ بە کۆماری ئیسلامی" سزای بەندکردن و قەدەغەکردنی سەفەرکردن بۆ دەرەوەی وڵات و ناچارکردن بە ئەنجامدانی خزمەتگوزاریی گشتیی زۆرەملێیان بەسەردا سەپێنراوە.

لە هەندێک دۆسییەشدا، حوکمەکانی زیندان و بێبەشکردنی پیشەیی بووەتە هۆی دەرکردنی یەکجاریی ئەو مامۆستایانە لە وەزارەتی پەروەردە.

ئەنجومەنی هاواهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایان ئەم هەڵسوکەوتانە مەحکووم دەکات و گواستنەوەی زیندانیان بۆ ژووری تاکەکەسی، دۆسییەسازی و دەرکردنی حوکمی بەندکردن بە نیشانەی بەردەوامیی گوشارەکان بۆ سەر چالاکییە پیشەییەکان دەزانێت.

ئەو ئەنجومەنە داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمە دەرکراوەکان، ئازادکردنی بێ‌مەرجی مامۆستایان و چالاکوانانی پیشەیی دەسبەسەرکراو و کۆتایهێنان بەم هەڵسوکەوتە ئەمنییەتی و دادوەرییانە دژ بە چالاکییە مەدەنی و پیشەییەکان دەکات.