کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی نوێی شۆفیرانی تاران بە هێرش و توندوتیژی وڵام درایەوە

15:43 - 24 پووشپەڕ 2726

بە گوێرەی زانیاریی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤ی پووشپەڕ، لە دەسپێکی ناڕەزایەتیی نوێی شۆفیران لە تاران، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە شێوەی توندوتیژانە هێرشیان کردە سەر ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە و ئەوەش تووڕەیی خەڵکی لێ کەوتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە شۆفیرانی تاکسیڕانیی تاران لە گۆڕەپانی "وەلیعەسر" لەمەڕ دەستەبەرکردنی ماف و داخوازییەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد، دواتر هێزی سەرکوتکەری ئینتزامیی ڕێژیم هەڵیانکوتاوە سەر ناڕازییان و بە باتۆم و گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی بڵاوەپێکردنی شۆفیرانی مافخوراویان داوە.

لەو پێوەندییەدا، سەندیکای هاواهەنگیی شۆفیرانی سەرانسەری ئێران بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ئەو هێرشەی هێزەکانی ڕێژیمی دژی شۆفیرانیان بە توندی مەحکووم کرد.

لە بەشێکی ئەو بەیاننامەدا هاتووە کە "هەر جۆرە هێرش و پەلاماردانێک لەژێر هەر ناوونیشان و پاساوێکدا بەتوندی مەحکووم دەکەین".

هەروەها لەو بەیاننامەیەدا داوا لە هەموو شۆفیرانی سەرانسەری ئێران کراوە کە پەیوەست ببن بەو ناڕەزایەتی و مانگرتنە ڕەوایە.

لەو بەیاننامەیەدا پێداگری لەسەر ئەوە کرایەوە کە "ناڕەزایەتیدەربڕین تاوان نییە، بەڵکوو مافی یاسایی شارۆمەندانە".

سەندیکای هاواهەنگیی شۆفیرانی سەرانسەری ئێران جارێکی دیکە جەختی لەسەر پێویستیی پاراستنی ئارامی و پێداگری لەسەر مافی ڕەوا و یاسایی کردەوە و ڕایگەیاند: "داوا لە شۆفیران دەکەین کە بە یەکگرتووییەوە لەو ناڕەزایەتییەدا چالاکانە بەشداری بکەن".