بەندکراوانی بەندیخانەی قزڵحەسار لە ناڕەزایەتیی بە شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانەکان لە ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی پووشپەڕەوە مانیان لە خواردن گرتووە و هەتا ئێستاش بەردەوامن.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێخراوی مافی مرۆڤی "هێرانا"، بەندکراوانی یەکەی ٢ی بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج بەنیسبەت شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانەکان و ڕاگواستنی شەش بەندکراوی مەحکووم بە سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەیان، ماوەی سێ ڕۆژی بەردەوامە مانیان لە خواردن گرتووە.
لە ڕاپۆرتی هێرانادا هاتووە کە ئەو بەندکراوانە سەرەڕای ڕەتکردنەوەی بەشە خۆراکییان، دروشمی "نا بۆ ئێعدام"یان بەرز کردووەتەوە.
ئەو ناڕەزایەتییە کاتێک دەستی پێکرد کە سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی پووشپەڕ، هێزەکانی بەندیخانە شەش بەندکراوی مەحکووم بە سێدارەیان بۆ ژووری تاکەکەسی گواستەوە و ئەوەش تووڕەیی یەکەی ٢ی ئەو بەندیخانەی لێکەوتەوە.
ڕەوتی لەسێدارەدانەکان لەم مانگانەی دواییدا بەخێرایی پەرەی سەندووە و بەپێی ئاماری هێرانا، تەنیا لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، پتر لە ٢٠٠ کەس بە تۆمەتی جیاواز لە سێدارە دراون.
هەروەها بەپێی زانیارییەکانی هەمان ڕێکخراو، لە ساڵی ١٤٠٤دا، لانیکەم ٢ هەزار و ٤٨٨ کەس لە سێدارە دراون و ١٣٠ بەندکراوی دیکەش ئەو سزایەیان بەسەردا سەپابوو.
هەروەها کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان و ژمارەیەکی دیکە لە ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان لە ماوەی ڕابردوودا بەنیسبەت جێبەجێکرانی ئەو سزا دژە مرۆییانە هۆشداریی جیددییان دا و خوازیاری ڕاگرتنی ئەو سزایە بوون.